Skip to the content

لە دیداری قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پرسی کردنەوەی زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی تاووتوێ کرا

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەی نێوانیان، قوباد تاڵەبانی ڕوونی کردەوە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا جدین لە چارەسەرکردنی کێشەکان، بە تایبەتیش کێشەی بودجە و مووچە، لەناویشیاندا مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسی پرسی کۆچی نایاسایی کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە چارەسەری ڕیشەییی ئەم پرسە بە گەشەسەندنی ئابووری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان دەکرێت. قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند بەشێکی بەرچاوی ئەو کەسانەی کۆچ دەکەن، دانیشتووی شار و شارۆچکەکانن، کە گەشەسەندنی کەمتریان بەخۆیانەوە بینیوە، بۆیە لە ڕێگەی گەشەسەندنی هاوسەنگ و گرنگیدان بە وەبەرهێنان لە شار و شارۆچکەکان و ڕەخساندنی هەلی کار لەو ناوچانەدا، دەکرێت تا ڕادەیەکی باش ڕێژەی کۆچی نایاسایی کەم بکرێتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هەوڵەکانی کردنەوەی زانکۆی بەریتانی نێودەوڵەتی کرا لە هەرێمی کوردستان. باڵیۆزی بەریتانیا سوپاسی جێگری سەرۆکوەزیرانی کرد، لە پشتگیریکردنی پرۆژەکە و کاراسانیکردن لە پرۆسەی کردنەوەی زانکۆکە.

لەم چوارچێوەیەدا، قوباد تاڵەبانی هیوای خواست کردنەوەی ئەم زانکۆیە، پەیوەندیی ئەکادیمی نێوان کوردستان و بەریتانیا بەهێزتر بکات و ڕۆڵی گرنگ ببینێت لە پێشخستنی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان.