قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کۆبووەوە
ڕۆژى چوارشهممه ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، پێشوازی لە فاتوشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق كرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاووتوێ کران.
جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی وڵاتی ژاپۆنی کرد بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، لە بوارە جیاوازەکاندا و بە تایبەتیش لە بوارەکانی گەشەپێدانی پەروەردە و کولتوور و ڕۆشنبیریدا. جەختیشی لهسهر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی ژاپۆن كردهوه، بە تایبەتیش لە بواری تەکنەلۆژیا و تواناسازيی گەنجانی داهێنەر و کارسازدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەی (فاوندەیشن هەب)، کە سەنتەرێکی گرنگی ڕاهێنان و تواناسازيی داهێنەر و کارسازە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێتەوە. هەردوولا هاوڕا بوون، کە ئەم پرۆژەیە ڕۆڵی دهبێت لە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی داهێنەر و بەهێزترکردنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی داوای کرد وڵاتی ژاپۆن لە سەرخستنی پرۆژەکەدا هاوکاريی هەرێمی کوردستان بکات، چ لە ڕووی ناردنی ڕاهێنەر، چ لە کردنەوەی خولی ڕاهێنان لە وڵاتی ژاپۆن، بۆ داهێنەر و کارسازی هەرێم. لەمبارەیەوە باڵیۆزی ژاپۆن ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ سەرخستنی پرۆژەکە دهربڕى.