Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئیدارەی راپەڕین کۆبووەوە

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد. پاش گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پرۆژانەی کە کارکردن تێیاندا وەستاوە، ئامادەکاری کرا بۆ بەگەڕخستنەوە و تەواوکردنیان لە کەرتە جیاوازەکان و بودجەی پێویستیشیان بۆ دابین دەکرێت. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند: چاودێریی جێبەجێکردنی پرۆژەکان دەکات و جەختی کردەوە لەسەر تەواوکردنیان لە زووترین کاتدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوورەکە کرا. قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە ڕەخنە و گلەییی بەشێک لە هاووڵاتییان لە هەندێک لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، ڕایگەیاند ئامانجی سەرەکیی ئێمە ڕەزامەندیی خەڵکە لە ئەدای فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، بۆیە پێویستە بەرپرسانی دامودەزگەکان پێداچوونەوەی تەواو بە شێوازی ڕاپەڕاندنی کاروباری هاووڵاتییاندا بکەن و بە کەمکردنەوەی ڕۆتین کاراسانی تەواو بۆ هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران لە سنوورەکەدا بکەن.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لەمەودوا بە بەردەوامی هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکرێت و هەر کاتێکیش پێویست بکات گۆڕانکاری لە پۆستە ئیدارەییەکاندا دەکرێت.