قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لایەنە ئەمنییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین كۆبووەوە
ڕۆژی یەکشەممە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین کۆبووەوە.
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختی لە ڕێگریكردن لە ڕوودانی تاوان و باشتركردنی ڕەوشی ئەمنیی دەڤەرەكە كردەوە، لە ڕێگەی چالاکترکردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە. هەروەها جەختی لە هەماهەنگیی زیاتر كردەوە، بۆ ڕێگریكردن لە ئەنجامدانی تاوان لە دەڤەری ڕاپەڕین و ناوچە سنوورییەكان و بەرەنگاربوونەوەی تاوانباران بەبێ گوێدانە شوناسیان و سەر بە هەر کەس و لایەنێک بن.
قوباد تاڵەبانی لایەنە ئەمنییەكانی دەڤەری ڕاپەڕینی ڕاسپارد، ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش چالاکتر بكەن بۆ بەدواداچوونی كەیسە ئەمنییەكان و دەستخۆشی لێكردن كە لەماوەی ڕابردوودا ژمارەیەك داواكراویان دەستگیركردووە و ڕێگرییان لە چەند سەرپێچی و پێشێلكارییەكی ئەمنی كردووە لە ناوچەكەدا.
گوتیشی: پێویستە هەماهەنگیی باشتان هەبێت لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان لە پارێزگە و شارەکانی تر، بۆ ئەوەی داواکراوان دەستگیر بکرێن و دەرباز نەبن لە یاسا.