Skip to the content

قوباد تاڵەبانی و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کۆبوونەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە جەنەراڵ جۆوڵ ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و وەفدی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، دۆخی ئەمنیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگە تاووتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەمە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە هەولێر بەئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگە و ئەمینداری گشتیی ئەو وەزارەتە بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی هاوپەیمانانی کرد، کە بەردەوامن لە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، بە تایبەتیش لەڕووی ڕاهێنان و پەرەپێدان بە توانا سەربازییەکان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، قسە لەسەر مەترسییەکانی تیرۆر کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بەوەی کە هێشتا تیرۆر مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ پێویستە هەماهەنگییەکان لە نێوان لایەنە ئەمنییەکان بەردەوام بن، چونکە هێشتا تیرۆر مەترسییەکە کە نابێ بێئاگابین لێی.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕیفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەردەوامبوون لەسەر چاکسازییەکان بەو شێوەیەی کە پلانی بۆ دانراوە.