قوباد تاڵەبانی: گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ ئەولەوییەتی ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە
ڕۆژی یەکشەممە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، سەردانی ئیدارەی ڕاپەڕینی کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین، بەردی بناغەی کارگەی (وشککردنەوەی گەنمەشامیی قەمتەران)ی دانا.
پرۆژەی کارگەی وشککردنەوەی گەنمەشامیی قەمتەران، پرۆژەیەکی ستراتیژیی کشتوکاڵییە لە دەڤەری ڕاپەڕین و بەرهەمی گەنمەشامیی جوتیارانی دەڤەرەکە، بۆ وشککردنەوە وەردەگرێت و کاریگەری لەسەر زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی گەنمەشامی لە ناوچەکە دەبێت.
پرۆژەکە بڕیارە لە ماوەی نۆ مانگدا تەواو بکرێت و ژمارەیەک هەلی کار بۆ گەنجانی دەڤەری ڕاپەڕین دەڕەخسێنێت و لە توانایدایە لە هەر کاتژمێرێکدا ٨٠ تەن گەنمەشامی وشک بکاتەوە.
قوباد تاڵەبانی، لە دوای دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە، لەگەڵ ژمارەیەک لە جوتیارانی ناوچەکە کۆبووەوە، پاش گوێگرتن لە داواکارییەکانیان، پشتگیریی تەواوی خۆی و حکومەتی هەرێمی بۆ جوتیاران دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ ئەولەوییەتی ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هەموو هەوڵێک دەدەن بە پشتبەستن بە توانای جوتیاران، کەرتی کشتوکاڵ پێش بخەن، بەتایبەتیش پلانیان هەیە لە ڕێگەی برەودان بە کەرتی پیشەسازیی خۆراکەوە، بەرهەمی جوتیاران بە شێوەیەکی باشتر لە بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا ساغ بکەنەوە.