Skip to the content

قوباد تاڵەبانی: تیرۆر هێشتا مەترسییەکی جدییە و دەبێت هەماهەنگی و هاوکاری زیاتر هەبێت لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لەگەڵ هاوپەیمانان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ گلین مایڵز، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ کران.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە ٤ـی ئازاری ٢٠٢٤، لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران، جەختی کردەوە کە پێویستە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش ئەولەوییەتی سیاسی هەموو لایەنە عێراقییەکان بێت و خۆیان بەدوور بگرن لە هەرچەشنە هەوڵوێست و کردارێک، کە مەترسی بۆسەر سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان دروست بکات.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا کە تیرۆر هێشتا مەترسییەکی جدییە و گروپە تیرۆریستییەکان لە بۆشاییەک دەگەڕێن بۆ خۆڕێکخستنەوە و تێکدانی ئاسایشی عێراق و ناوچەکە؛ لەم چوارچێوەیەشدا و بۆ بنەبڕکردنی هەڕەشەی تیرۆر جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و دروستکردنی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ هاوپەیمانان.