قوباد تاڵەبانی دوو براندی جیهانی لە سلێمانی بەسەرکردەوە
ڕۆژى پێنجشهممه ٢٣ى ئايارى ٢٠٢٤، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، بە یاوەری مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمهریکا لە هەرێم و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرەکانی پارێزگهی سلێمانی، هەر دوو براندی جیهانی، ئاشلی و بەرگەرکینگی بەسەرکردەوە.
جێگری سەرۆکوەزیران، خۆشحاڵيی خۆی بە کردنەوەی ئەم دوو براندە جیهانییە لە سلێمانی دەربڕی و ڕایگەیاند: جگە لەوەی کە هەر دوو براندەکە ژمارەیەکی بەرچاو هەلی کاریان ڕەخساندووە و هۆکارێکن بۆ بههێزکردنی ژێرخانی ئابووری و کەرتی تایبەت، ڕێگەخۆشکەریش دەبن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کۆمپانیا و براندە جیهانییەکانی دیکەش ڕوو له سلێمانی بكهن.
ئەمەش کاریگەری لەسەر باشتربوونی دۆخی ئابووری شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان بەگشتی دهبێت.
مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمهریکاش لە گوتەیەکدا سوپاسی جێگری سەرۆکوەزیرانی کرد بۆ پشتگیریکردنی کردنەوەی براندی ئاشلی لە سلێمانی و ڕایگەیاند “کردنەوەی ئەم براندە لە سلێمانی لە چوارچێوەی بایەخپێدانی ئەمهریکادایە بۆ هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی بازرگانيی ئەمهریکا و هەرێم بەهێزتر دەکات.”