Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی کوەیت کۆبووەوە

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ـی ئایاری ٢٠٢٤، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، لەگەڵ تاریق عەبدوڵا فەرەج، باڵیۆزی کوەیت لە عێراق کۆبووەوە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان تاووتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، عوسمان داوودی، کونسوڵی گشتیی کوەیت لە هەرێم و دابان شەدەلە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، هەردوولا هاوخەمی و نیگەرانیی خۆیان بە بۆنەی گیانلەدەستدانی سەرۆککۆماری ئێران و هاوڕێکانی دەربڕی.

جێگری سەرۆکوەزیران باسی ئەوەی کرد کە کوەیت و هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی ڕژێمی پێشووی عێراقدا، زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. لەبارەی پەیوەندییەکانیشەوە گوتی: پەیوەندییەکانمان ئێستا لە ئاستێکی زۆر باش دان و پێویستە لە بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەتیش لە بواری بازرگانیدا بەهێزتریان بکەین.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا بەگرنگییەوە باسی ڕۆڵی پەروەردەیان کرد و قوباد تاڵەبانی سوپاسی وڵاتی کوەیتی کرد، لە هاوکاریکردنی هەرێم لەڕووی پێشخستنی کەرتی پەرەوەردەدا.

لە تەوەرێکی دیکەدا، گفتوگۆیان لەبارەی پێویستیی گەشەپێدانی هاوسەنگ لە هەرێمی کوردستان کرد. هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی هاندانی وەبەرهێنەران بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان.