Skip to the content

قوباد تاڵەبانی و وەفدێکی ئەمەریکا بەسەرۆکایەتیی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە کۆبوونەوە

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ـی ئایاری ٢٠٢٤، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، پێشوازی لە وەفدێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتیی جیۆفری پایاتلە، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە
لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە نوێیەکان لەسەر ئاستی بەرێوەچوونی گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و هەرێم خرایە بەر باس و گەشبینی نیشان درا، بۆ ئەوەى بەم زووانە لەسەر هەموو بابەتەکان بگەنە ڕێکەوتن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاووتوێى گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم بەرهەمهێنانی وزەى کارەبا لە هەرێمی کوردستان کرا. لەوبارەیەوە وەفدی میوان ئامادەییی ئەمەریکاى بۆ وەبەرهێنان لەو بوارەدا نیشان دا، تا هاوکارى هەرێم و عێراقیش بکات بە سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی وزەى نوێبووەوە، کارەبا بەرهەم بهێنرێت بە ئامانجی کەمکردنەوەى بارگرانی لەسەر بودجە و پاراستنی ژینگەش.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکوەزیران بەگرنگییەوە پەیامی خۆى بۆ پاراستنی ژینگە و هەنگاوە کردارییەکانی خستە ڕوو و باسیشی لە پرۆژەى زانکۆى سەوز و دابینکردنی پاسی کارەبایی بۆ زانکۆى کۆیە کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەرکی هەموومانە کار بکەین بۆ کەمکردنەوەى لێکەوتەکانی گۆڕانى کەشوهەوا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەفدی میوان ئامادەییی وڵاتەکەیان بۆ هاوکاری هەرێم لە دەستەبەرکردنی تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانی بوارەکە دەربڕی، کە هاوڕێى ژینگەن و ڕۆڵییان لە کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا هەیە.

شایانی باسە هەر یەک لە خاتوو ئەلینا ڕۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و مارک سترۆ، کونسولی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دابان شەدەڵە، جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.