Skip to the content

قوباد تاڵەبانی چەند پرۆژەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لە سنوورى کۆیە بەسەر کردەوە

ڕۆژى چوارشەممە ١٥ـی ئایارى ٢٠٢٤ ، لەو سەردانەیدا جێگرى سەرۆکوەزیران، هاوڕێ لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەنداوی شەوگێڕی بەسەر کردەوە و دەستخۆشی لەهەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد، بۆ بنیاتنانی بەنداو لە ناوچە جیاوازەکاندا و بە هەنگاوێکی گرنگی لەقەڵەم دا، بۆ ڕووبەڕووبونەوەى کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

هەر لەوبارەیەوە و بە لەبەرچاوگرتنی تواناى بەنداوی شەوگێڕ بۆ گلدانەوەى 1.3 ملیۆن مەترەسێجا ئاو و سەرڕێژبوونی لەمساڵدا، قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵیى خۆى نیشان دا و بنیاتنانی بەنداوەکانی بە فاکتەرێکی گرنگ زانی بۆ بەهێزکردنی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێم و زامنی ئاسایشی ئاو و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ.

دواى گوێگرتن لە سوودەکانی بەنداوەکە بۆ گەشتیارى و کشتوکاڵ و سامانی ماسی بۆ گوندەکانی سنوورەکە، جێگرى سەرۆکوەزیران ئاماژەى بەوە کرد دەبێت هانی برا جوتیارەکانمان بدەین، کە شێوازی کشتوکاڵیى پێشکەوتوو بگرنەبەر، لەپێناو کەمتر بەفیڕۆدانی ئاو، بە تایبەت کەمکردنەوەى ئەو بڕەى پێویستە بۆ ئاودانی بەروبوومەکان و زیاترکردنی ئاستی بەرهەمى کشتوکاڵیى جوتیاران.

قوباد تاڵەبانی لە دووەم وێستگەشدا، ئامادەى ڕێوڕەسمی بەکارخستنی پرۆژەى کارگەى ئالیکی تەبارە بوو لە کۆیە و گرنگی وەبەرهێنانی لەم بوارەدا دووپات کردەوە و بە هەنگاوێکی پێویستی زانی بۆ زامنکردن و پاراستنی سامانی ئاژەڵ.

لە ڕێوڕەسمەکەدا گرنگیی بەگەڕخستنی کارگەکە خرایە ڕوو، لەڕووى بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەى تێچووى کڕین و هاوردەکردنی ئالیک، هەروەها لەڕووى خۆراکی و سوودەکانی بۆ پاراستنی تەندروستیی ئاژەڵى.

جێگرى سەرۆکوەزیران، لەمیانی بەسەرکردنەوەى بەشەکانی کارگەکەدا، ئاماژەى بەوە کرد کە کارگەکانی ئالیک دەکرێت ببنە باشترین بزوێنەرى پیشەسازیی پەلەوەر و ماسی و ئاژەڵى، لە ڕێى سوودوەرگرتن لە بەرهەم و پاشماوەى کێڵگە کشتوکاڵییەکان، بۆ بەرهەمهێنانی ئالیکی گونجاو، بەپێى ستانداردی جیهانی و پێکهاتەى خۆراکی، جگە لەوەش ببنە هۆکارێک بۆ دابینکردنی دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییانی سنوورەکە.

قوباد تاڵەبانی داواى لە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد کە ئاسانکارى زیاتر بۆ دامەزراندنی ئەم جۆرە پرۆژانە بکەن لەپێناو پڕکردنەوەى پێداویستیی ناوخۆ و کەمتر پشت بەستن بە هاوردەکردنی ئالیک لە دەرەوە، هاوکات زامنی ساغکردنەوەى بەرهەمى جوتیاران و کەمکردنەوەى تێچووى بەرهەمهێنانی گۆشت و پەلەوەر و ماسی کە دواجار بە دابەزاندنی نرخەکانیان لە بازاڕدا دەکەوێتەوە، بۆ کەمکردنەوەى بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان.