قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی یۆنان کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکانی لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێلفی، لەگەڵ کۆستیس هاتزیداکیس، جێگری سەرۆکوەزیرانی یۆنان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی هەینی 11/4/2025 بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە دارا ەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، باسی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و یۆنان کرا، لە بوارەکانی بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاریدا و هەردوولا بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانیان بە گرنگ و پێویست زانی و بۆ ئەم مەبەستەش جەختیان لە کاری هاوبەش کردەوە.
جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆر باش هەیە بۆ گەشەپێدانی ئابوری و گوتیشی: حکومەتی هەرێم بە هەموو تواناوە کار دەکات زەمینە و ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەپێدان دابین بکات.
لەم چوارچێوەیەدا داوای کرد حکومەتی یۆنان و وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە وەبەرهێنان لەو دەرفەتانەدا بکەن و ئامادەییی حکومەتی هەرێمیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە کاراسانییەک بۆ وەبەرهێنەرانی یۆنانی.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە کرا. لەمبارەیەشەوە هەردوولا بە پێویستییان زانی بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە، بۆ هاندانی لایەنە ناکۆکەکان تا بتوانن لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکەن.