Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە ڤیکتۆریا تایلۆر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا كرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاووتوێ کران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەمە 15/4/2025 بەڕێوەچوو، لەبارەی دۆخی سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دوایين گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.
دۆخی سیاسيی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە دوایين کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی ڕوونی کردەوە گفتوگۆکان بە باشی بەڕێوەدەچن و هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە بە زووترین کات ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمه‌ریکا کرا. لەم چوارچێوەیەدا، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: له‌ هەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆر گەورە هەیە بۆ کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی ئەمه‌ریکی و حکومەتی هەرێم خوازیارە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەمه‌ریکا بەشدارییەکی گەورەتریان هەبێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمدا و بۆ ئەمەش ئامادەیە هەموو جۆرە هاوکاری و کاراسانییەکیان پێشکەش بکات.