قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی یۆنان کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی لەگەڵ نیکۆس دێندیاس، وەزیری بەرگریی یۆنان کۆبووەوە و دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیان تاووتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی هەینی ١١ی نیسانی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی هەر یەک لە دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرا. هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە ئاستی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری، زیاتر بکرێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنانیش، جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزترکردنی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی هەردوولا، بە تایبەتیش لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
لە تەوەرێکی دیکەدا باسی دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ڕوونی کردەوە، هەنگاوی زۆر باش نراون و بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی کە ئێستا هەیە، گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوام دەبن و گەشبینین لە نزیکترین دەرفەتدا دوو لایەن بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.