قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یۆنان کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ یۆنان و لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی، لەگەڵ یۆرگۆس یراهێپیتریتس، وەزیری دەرەوەی یۆنان کۆبووەوە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان تاووتوێ کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی پێنجشەمە ١٠ی نیسانی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری بهرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنان لە بوارەکانی بازرگانی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا. جەختیش کرایەوە ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەرێم و یۆنان زیاد بکرێت و کار بکرێت لە داهاتوودا گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان سلێمانی و ئەسیناشدا بکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی کۆچی نایاسایی کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند: باشترین ڕێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی ئەوەیە کە وڵاتی یۆنان و یەکێتیی ئەوروپا هاوکاريی هەرێمی کوردستان بکەن لە گەشەپێدانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلیکار تا گەنجان بیر لە کۆچی نایاسایی نەکەنەوە، چونکە ئەم جۆرە کۆچکردنە هاوکات بە زیانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاشە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ڕوونی کردەوە کە هەنگاوی زۆر باش نراوە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە بۆ ئەوەی هەرچی زووتر کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم پێکبهێنرێت.
سەبارەت بە دۆخی سووریا و دوایين پەرەسەندنەکانی ناوچەکەش هەردوولا جەختیان کردەوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێکەوە کاربکەن بۆ پاراستنی سەقامگیری و کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە.