Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی یۆنان کۆبووەوە

لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، لەگەڵ کۆنستاتینۆس تساریاراس، وەزیری کشتوکاڵ و پەرەپێدانی گوندەکانی یۆنان کۆبووەوە و چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراکدا تاووتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەمە 9/4/2025، بە ئامادەبوونی دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری به‌رپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و یۆنان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازيی خۆراکدا. هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕا بوون کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵییە و لە ڕێگەی وەبەرهێنانی زیاتر و پلانی گونجاوەوە دەتوانرێت بەشێکی گرنگی پێداویستییەکانی بازاڕەکانی عێراق و ناوچەکە دابین بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیران ڕوونی کردەوە لەپێناو هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتدا، لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ داوە و لەم چوارچێوەیەشدا و بە تایبەتیش بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی و بووژانەوەی گوندەکان دەیانەوێت سوود لە ئەزموون و پسپۆڕی وڵاتی یۆنان وەربگرن.
ئاماژەی بەوەش دا بەوپێیەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشەدایە، وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژییە و جگە لەوەی ڕێژەیەکی زۆر هەلی کار دەڕەخسێنێت و سەرچاوەیەکی داهاتی درێژخایەنە، ئاسایشی خۆراکی کوردستان و عێراقیش پارێزراوتر دەبێت.