قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ یۆنان لەگەڵ ئۆلگا کیفالۆیانی، وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان کۆبووەوە و پێکەوە چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و یۆنانیان لە بواری گەشتوگوزاردا تاووتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەمە 9/4/2025، لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی بە ئامادەبوونی دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و دابان شەدەڵە، جێگری بهرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، هەردوولا دڵخۆشيی خۆیان دەربڕی بەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ئاستی پەیوەندیی گەشتوگوزاری نێوان هەرێم و یۆنان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەتیش لە دوای دەستپێکردنی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانییەوە ڕێژەی سەردانکردنی گەشتیار لەنێوان هەردوولادا بەرزتر بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ڕوونی کردەوە گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لەپێشينهكانى حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بە گرنگی زانی سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەند و سەرکەوتووی یۆنان وەربگیرێت. لەم چوارچێوەیەشدا داوای کرد وڵاتی یۆنان کاراسانی بکات بۆ ئەو فێرخوازانەی هەرێمی کوردستان کە دەیانەوێت لە بواری گەشتوگوزاردا لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە بخوێنن. لەمبارەیەوە وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان ئامادەیيی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ کاراسانیکردن بۆ فێرخوازانی هەرێم.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەر لەپێناو پتەوترکردنی پەیوەندیی گەشتوگوزاری نێوان هەردوو وڵات، قوباد تاڵەبانی بانگهێشتی ئۆلگا کیفالۆیانی کرد سەردانی کوردستان بکات و وەزیری گەشتوگوزاری یۆنان بە خۆشحاڵییەوە بانگهێشتەکەی قبوڵ کرد و ڕایگەیاند: لە نزیکترین دەرفەتدا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.