قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی کۆنگرێسی ئەمهریکا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە هەولێر پێشوازی لە وەفدێکی کۆنگرێسی ئەمهریکا بە سەرۆکایەتیی ئادەم سمیس، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکان كرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باس لە چەند پرسی گرنگی ناوخۆی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی شەممە (12/4/2025) بەڕێوەچوو، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دۆخی سووریا و گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمهریکا و دوایين پەرەسەندنەکانی دیکەی ناوچەكه ئاڵۆگۆڕی بیروڕا کرا.
هەردوولا هاوڕا بوون کە هێشتا تیرۆر و بە تایبەتیش گرووپی تیرۆریستی داعش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیريی کوردستان و عێراق. لەم چوارچێوەیەدا وەفدەکەی کۆنگرێس جەختیان کردەوە لەسەر بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەمهریکا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
لەبارەی دۆخی سیاسيی ناوخۆی هەرێم و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیشەوە، جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند: ڕاستە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بە خێرایی ناچێتە پێش، بەڵام هەنگاوی زۆر باش نراوه و هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو ڕێک بکەون، کە هەم لە ئاستی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاووڵاتییاندا بێت و هەميش بتوانێت لەم قۆناغە ئاڵۆزەی ناوچەکەدا، سەقامگیريی سیاسی و ئەمنيی هەرێمی کوردستان بە باشی بپارێزێت.
سەبارەت بە پرسی نەوت و گازیش، جێگری سەرۆکوەزیران ڕوونی کردەوە کە حکومەتی هەرێم گەشبینە و هەموو هەوڵێکیش دەدات لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم. لەبارەی گازیشەوە، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند: ئەولەوییەتی حکومەتی هەرێم لەم قۆناغەدا بەکارهێنانی گازە بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان. هەروەها دابینکردنی گازە بۆ بەکارهێنانی ماڵان و کارگە پیشەسازییەکان.
ئەندامانی دیکەی وەفدەکەی کۆنگرێس پێکهاتبوو لە مایکل باومگارتنەر، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە و هەر یەکە لە سارا جاکۆبس، جۆرج وایتسایدز و وێسلی بێڵ لە ئەندامانی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمهریکا.