جێگری سەرۆکوەزیران بەجیا لەگەڵ باڵیۆزی ئەرمینیا و کونسوڵی گشتیی هیندستان و کونسوڵی بازرگانیی کۆماری عەرەبی میسر کۆبووەوە

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٥، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە ڕۆبین سۆگۆیان، باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق و مەدان گۆپاڵ، کونسوڵی گشتیی هیندستان و ئەمیرە نەبیل، کونسوڵی بازرگانیی کۆماری عەرەبی میسر کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوانە جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی وڵاتانی هیندستان و میسر و ئەرمینیای کرد بۆ سەرکەوتنی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی داهێنان و کارسازی لە سلێمانی و ڕایگەیاند؛ کۆڕبەندی کارسازی و داهێنان دەتوانێت دەرگایەکی دیکە بە ڕووی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بکاتەوە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش دا بۆ ئەوەی ئامانجی کۆڕبەندی داهێنان و کارسازی بەدیبهێنین پێویستە سوود لە ئەزموونی هیندستان و میسر و ئەرمینیا و وڵاتانی دیکەش وەربگرین، بە تایبەتیش کوردستان لە ڕووی پسپۆڕییەوە پێویستی بە هاوکاریی ئەو وڵاتانە هەیە.