قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە کریستیانە هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كرد و پێکەوە تاووتوێی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیایان کرد.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەمە 15/4/2025 بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی ئابووری و پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ڕوونی کردەوە حکومەتی هەرێم هەوڵ بۆ ئابوورییەکی فرەسەرچاوە دەدات و لەم چوارچێوەیەشدا بە تایبەتی گرنگی بە گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازيی خۆراک و گشتوکاڵ دەدات.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش دا بە گرنگیدان بەم کەرتانە ژمارەیەکی بەرچاو هەلیکار بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت و ئاسایشی خۆراکی هەرێم و عێراقیش پارێزراو دەبێت.
جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی حکومەتی ئەڵمانیاشی کرد کە لە ماوەکانی ڕابردوودا بەشێوەی جۆراوجۆر هاوکاريی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە تایبەتیش لە ناردنی ڕاوێژکار و کەسانی پسپۆڕدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئاسایش و سەقامگیريی عێراق و ناوچەکە کرا، هەردوولا هاوڕا بوون هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە. لەمبارەیەوە باڵیۆزی ئەڵمانیا جەختی کردەوە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەردەوام دەبێت.