Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عێراق کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆکرا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە 22/4/2025 بەڕێوەچوو، باس لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان کورد و بەریتانیا کرا و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەم قۆناغەدا.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی گونجاو هەیە بۆ کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی بەریتانی و حکومەتی هەرێمیش ئامادەیە هەموو جۆرە ئاسانکارییەکیان پێشكەش بکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دیاردەی کۆچی نایاسایی کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە باشترین ڕێگە بۆ نەهێشتنی کۆچی نایاسایی، گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستانە. باڵیۆزی بەریتانیاش ئامادەییی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم لە پرۆسەی گەشەپێداندا، بە تایبەتیش گەشەپێدانی ئەو ناوچانەی کەمتر گەشەیان کردووە و گەنجان زیاتر کۆچی لێ دەکەن.
لە تەوەرێکی دیکەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەردوولا هیوایان خواست گۆڕانکارییەکان بە ئاراستەیەکدا بن کە ئارامی و سەقامگیری لێ بکەوێتەوە و لە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەکەدا بێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆکوەزیران ڕوونی کردەوە هەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی گفتوگۆوە و بەپێی دەستور کێشەکان چارەسەر بکرێن.
لە تەوەرێکی دیکەدا باسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە دواین کۆبوونەوەکانی وەفدە دانووستانکارەکانی پارتی و یەکێتی کرد و گەشبینیی خۆی دەربڕی بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی دروست بووە، لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت و حکومەتێکی کارا و بەهێز و خزمەتگوزار پێکبهێنرێت.