Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە نوح یەلماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا  کرد و پێکەوە چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان تاووتوێ کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی هەینی (18/4/2025)، بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە دواپەرەسەندنەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا. لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لە پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پرۆسەکە و ڕایگەیاند: ئامادەین بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک لەپێناو سەرخستنی ئاشتی لە تورکیا.

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کرا. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا کە گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن و نیەتی باش هەیە بۆ ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز، کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییاندا بێت.

لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە پەیوەندییەکانی یەکێتی و تورکیا کرا. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکان کە لە ئێستادا بەرەو ئاستێکی باشتر دەڕۆن.