Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپيی عێراق کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە عەقیل موفتن، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپيی عێراق كرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی وەرزش لە کوردستان و عێراق تاووتوێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی شەمە ٢٦/٤/٢٠٢٥، لە شارى سلێمانی بەڕێوەچوو، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش بۆ بەپیشەییکردنی وەرزش و هاندانی کەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی وەرزش كرده‌وه‌.
سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپيی عێراق ئامادەیيی خۆی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک، بۆ پەرەپێدانی وەرزش لە هەرێم و پارێزگه‌ی سلێمانی و بە تایبەتیش لە پارێزگای هەڵەبجە دەربڕی و لەسەر داوای جێگری سەرۆکوەزیران بڕیاردرا لە ماوەیەکی نزیکدا لقی لیژنەی ئۆڵۆمپيی عێراق لە پارێزگه‌ی هەڵەبجە بکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێویستیی پەرەپێدانی وەرزشی ژنان کرا. لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپيی عێراق ڕایگەیاند کە: بڕیاریان داوە سلێمانی وەک پایتەختی وەرزشيی ژنان لە عێراق دەستنیشان بکەن.