Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسولی گشتیی تورکیا لە هەرێم کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە ئێرمان تۆپجو، کونسولی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان كرد و پێکەوە تاووتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەمە 15/4/2025 بەڕێوەچوو، باس لە دوایين بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە هەرێمی کوردستان پشتیوانی سەرکەوتنی پرۆسەکەیە و هەر ئەرکێک بکەوێتە سەر شانی جێبەجێی دەکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ناوچەکە کرا و لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەموو لایەنەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە کێشەکان چارەسەر بکەن و یارمەتیدەربن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیريی ناوچەکە.
سەبارەت بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی ڕوونی کردەوە گفتوگۆکان بە شێوەیەکی باش و ئەرێنی بەڕێوەدەچن و هیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو ڕێک بکەون.