قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی کەنەدا کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ کریستۆفەر بۆوم، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی کەنەدا گفتوگۆیان کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە (2/12/2025) بەڕێوەچوو، باس لەوە کرا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەرفەتی گەورە بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی کەنەدا هەیە.
جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی حکومەتی کەنەدای کرد کە لە ماوەکانی ڕابردوودا ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و کوردستان و خۆشحاڵیی خۆشی دەربڕی بەوەی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە دەیانەوێت بەشدارییەکی کاریگەرتریان هەبێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانی دامەزراندنی ئەنجومەنی بازرگانیی کوردی – کەنەدی کرا و هەردوولا هاوڕا بوون ئەنجومەنەکە دەتوانێت ڕۆڵی باش و کاریگەر ببینێت لە پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوو وڵاتدا.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی هەوڵەکان بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی و بووژانەوەی ئابووریی گوندەکان. هاوڕا بوون کە گرنگیدان بە گوندەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گوندەکان کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و فرەچەشنکردنی ئابووریی کوردستان.