قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی کرد لە ماسامیشی سوگایا، بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن و گفتوگۆیان کرد لەبارەی چۆنییەتیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی ژاپۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە (2/12/2025) بەڕێوەچوو، باس لە ڕووداوی هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرا و هەردوولا ڕووداوەکەیان بە هێرشکردنەسەر ژێرخانی وزە و ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق وەسف کرد.
ماسامیشی سوگایا پشتیوانی و هاوسۆزیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئیدانەی هێرشەکەی کرد و هیوای خواست جارێکی دیکە ئەم جۆرە هێرشانە دووبارە نەبنەوە.
قوباد تاڵەبانی ڕوونیکردەوە کە لەگەڵ ئەوەدانین گازی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکرێت، بەڵکوو دەبێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و دابینکردنی کارەبا بەکاربهێنرێت و بخرێتە خزمەت گەشەپێدانی ئابووریی کوردستانەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، بە تایبەتیش لەم قۆناخەدا کە عێراق و کوردستان بەرەو گەشەپێدانی ئابووری هەنگاو دەنێن و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ژاپۆن و وڵاتانی دیکە خواستیان بۆ وەبەرهێنان لە ناوچەکە زیاتر بووە.
لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران بەهێزترکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ژاپۆن و عێراق و هەرێمی کوردستانی، بە هەنگاوێکی پێویست زانی و جەختیشی کردەوە ژاپۆن دەتوانێت ڕۆڵێکی زیاتر و کاریگەرتر ببینێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستان و عێراقدا.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی سیاسی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کرا. هەردوولا هیوایان خواست حکومەتی داهاتووی عێراق بەزوویی پێکبهێنرێت و بە جۆرێک بێت کە جێی ڕەزامەندیی هەموو پێکهاتەکان بێت.
سەبارەت بە پێگەی کوردیش لە عێراق، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا کە دەبێت پێگەی کورد لە بەغدا بەهێزتر بێت بۆ ئەوەی پێگەی هەرێم بەهێزتر و پارێزراوتر بێت.