قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاووتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمهریکا و چەند پرسێکی گرنگی جێی بایەخی هەردوولا کرا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەممە (3/12/2025) بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران پیرۆزبایيی کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمهریکای کرد لە هەرێمی کوردستان و بە ڕووداوێکی گرنگی ناوبرد کە ئاماژەیە بۆ بەهێزی و گرنگیی پەیوەندی نێوان ئەمهریکا و هەرێم
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر کاری زیاتر بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی ئەمهریکا و هەرێمی کوردستان. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند دەرگهی هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان کراوەیە بە ڕووی ئەمهریکادا، بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەتیش لە بوارەکانی ئەمنی، ئابووری، بازرگانی و کولتووریدا.
سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، هەردوولا هاوڕا بوون ئەم هێرشە تیرۆریستییە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستانە و دەبێت کۆتايیی بەم جۆرە هێرشانە بهێنرێت. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، بەردەوامی و چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێم، سەلمێنەری ئەوەیە کە پێویستە ئاستی هەماهەنگی نێوان هەرێم و ئەمهریکا بەردەوام و زیاتر بێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. قوباد تاڵەبانی لەمبارەیەوە جەختی کردەوە ئامادەین بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی ڕاستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
لەبارەی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارهتی كاروبارى پێشمەرگەشەوە، جەخت لەسەر بەردەواميی هەنگاوەکانی چاکسازی كرايهوه، بەوجۆرەی پلانی بۆ دانراوە. جێگری سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند چاکسازییەکانی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە قۆناغی باشیان بڕیوە و سوپاسی ئەمهریکای کرد بۆ هاوکاریکردنی هەرێم لەمبارەیەوە و جەختیشی کردەوە لەسەر بەردەواميی پرۆسەکە تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی هێزێکی ڕاهێنراوی پیشەیی و نیشتمانی و دوور لە هەر چەشنە دەستێوەردان و ئینتمایەکی حیزبی.