قوباد تاڵهبانى پێشوازى له نوێنهرى تايبهتى سهرۆكى ڕووسيا و جێگرى وهزيرى دهرهوهى ئهو وڵاته كرد

ڕۆژى پێنجشهممه ٦ى شوباتى ٢٠٢٥، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئەمنی و سیاسيی ناوچەکە و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا کرا.
لەبارەی دوايین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە, قوباد تاڵەبانی جەختی لەسەر پێویستیی هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان كرد، بۆ ڕێگریکردن لە زیندووبوونەوەی ڕێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکان لە عێراق و سووریا.
سەبارەت بە دۆخی سووریاش هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی دەبێت کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە لە بونیادنانی سیستمی سیاسیی نوێی سووریا بهشداربن. جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە: دەبێت پێکهاتەکانی سووریا بە کورديشهوه بەشدار بن لە داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ کە تیایدا ماف و ئازادییە سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی هەموو لایەنەکان گەرەنتی بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە کار و چالاکییەکانی کۆمپانیاکانی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرا. لەمبارەیەوەش جەختکرایەوە لەسەر هەوڵدان بۆ پەرەپێدان بە وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ڕووسیا لە هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا، وەفدی ڕووسیا ئامادەیيی خۆیان دەربڕی کە کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیان بەردەوام دەبن لە کارکردنی زیاتر لە هەرێمى كوردستان و عێراق.