Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ژاپۆن کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە ئەکیرا ئیندۆ، باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق كرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ى شوباتى ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی ئەراکاوا میکیهیرۆ، کونسوڵی گشتیی ژاپۆن لە هەرێم بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایيی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ژاپۆن کرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا لە عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ژاپۆن بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیانه‌وه‌ ببينن. هاوکات بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە هەرێم، ماڵئاوایی لە کونسوڵی گشتیی ژاپۆن کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.

جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی حکومەتی ژاپۆنی کرد بۆ هەموو هاوکارییەکانی لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی هەڵەبجە و یارمەتیدانی مۆزەخانەی سلێمانی و گەڕاندنەوەی کۆمەڵێک شوێنەواری مێژوویی بۆ مۆزەخانەی سلێمانی.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی ژاپۆن لە بوارە جیاوازەکاندا كرده‌وه‌. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی داوای کرد حکومەتی ژاپۆن لە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کارسازییەوە هاوکاريی هەرێمی کوردستان بکات.