Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی ڕەوەندی عێراقی لە ئەمه‌ریکا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە وەفدێکی ڕەوەندی عێراقی لە ئەمه‌ریکا بە سەرۆکایەتیی مارتن مەننا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی کلدانی – ئه‌مه‌ریکايى كرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی بە‌هێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوولا و دۆخی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و چەند پرسێکی دیکە تاووتوێ کران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە 25ى شوباتى 2025 بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و وەفدی ڕەوەندی عێراقی لە ئەمه‌ریکا ستایشی حکومەت و دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیان کرد، کە بەردەوام پشتگیرییان لە پێکهاتەی کریستیان و بە تایبەتیش کلدانییەکان کردووە. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە گرنگیی قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان کرد لە کوردستان و ڕایگەیاند: کوردستان وەک هەمیشە به‌ وڵاتی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێكهاتەکان دەمێنێت و ڕۆڵ و پێگەی مێژوویی کریستیانەکانی لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لەبارەی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕەوەندی عێراقی لە ئەمه‌ریکا گفتوگۆ کرا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاامادەیيی خۆی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە کاراسانییەک بۆ کاری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئاوەدانکردنەوەی موسڵ کرا، لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنەرانی کوردستان ئامادەن بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و ئەو وەبەرهێنەرانەی دەیانەوێت لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی موسڵدا بەشداری بکەن.