Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسولی گشتیی تورکیا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە ئەرمان تۆپجو، کونسولی گشتیی تورکیا کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاووتوێ کران.

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەمە ٥ی شوباتی ٢٠٢٥ لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەبارەی دواگۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە؛ پێویستە هەموو لایەنەکانی ناوچەکە بەرپرسیارانە هەنگاو بنێن.

لە تەوەرێکی دیکەدا باسی دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرا. لەم بارەیەشەوە، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە گفتوگۆکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دا و ڕوونی کردەوە کە تیمە تەکنیکییەکان گفتوگۆکانیان تەواو کردووە و بە هیواین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەنە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک، کە لە ئاستی چاوەڕوانیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا بێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەییی کێشە داراییەکان، هەنگاوی زۆر باش نراون و لە دوای پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەش، زەمینەی لەبار دروست بووە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا.