Skip to the content

جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت لەگەڵ باڵیۆزی فەڕەنسا کۆبووەوە

جێگرى سه‌رۆكوه‌زيران و باڵيۆزى فه‌ڕه‌نسا

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا دوایين پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی دیکە تاووتوێ کران.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی پێنجشەمە 30ى كانوونى دووه‌مى 2025، بە ئامادەبوونی یان برێم، کونسولی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە دوایين گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە كرا بە تایبەتی دۆخی سووریا. جەخت له‌وه‌ش كرايه‌وه‌ کە بۆ سەقامگیرکردنی سووریا و ناوچەکە، پێویستە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی و لایەنە سوورياییەکان پێکەوە کار بکەن، تا هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە لە داڕشتنەوەی سیستمی نوێی سووریا به‌شدار بن و مافە بنەڕەتییەکانی هەموو پێکهاتەکان، بە تایبەتیش پێکهاتەی کورد لە سووریای نوێدا زامن بکرێت.

سەبارەت بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێویستە لایەنە سیاسییەکان پەلە لە پێکهێنانی حکومەت بكه‌ن. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ڕوونی کردەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی حکومەتی داهاتوو، حکومەتێکی کارا، بەهێز و یەکگرتوو بێت، لەسەر بنەمای هاوبەشی ڕاستەقینە، تا بتوانێت وەڵامدەری داواکارییەکانی هاووڵاتییانی کوردستان بێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا. لەمبارەیەوە جەخت لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ڕیشەیيی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ كرايه‌وه‌. جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەى بەوە دا کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا وەفدێکی هەرێمى كوردستان سەردانی بەغدا بکات و هیوای خواست ئەو وەفدە بتوانێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی بودجە و مووچە.