جێگری سەرۆکی حکومەت لەگەڵ کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کۆبووەوە
ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، پێشوازی لە دانیێل ڕۆبنستین، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کرد.
لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باس لە دواهەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بە تایبەتیش لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و ڕوونی کردەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی کارا و یەکگرتوو و بەهێزبێت و لەسەر بنەمای هاوبەشی ڕاستەقینە بەڕێوەبچێت تا بتوانێت لە ئاست بەدیهێنانی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمدا بێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دواگۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا و جەخت لەسەر بەهێزترکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر کرایەوە.