Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی نوێی هیندستان کۆبووەوە

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە سۆومێن باکچی، باڵیۆزی نوێی هیندستان لە عێراق کرد و گفتوگۆیان لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی هیندستان و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیران پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی هیندستان کرد و هیوای خواست لە ماوەی کارکردنیدا لە عێراق، ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتە بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن.
قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی هیندستانیشی بۆ هەرێمی کوردستان کرد لە بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەتیش لە بوارەکانی تەندروستی، ڕاهێنانی پیشەیی و گەشەپێدانی توانا مرۆییەکان.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆژەی پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کارسازی کرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی دووەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کارسازی و داهێنان دا و ڕوونیکردەوە کە ئامانجیانە شاری سلێمانی ببێتە ناوەندێکی گرنگی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا لە عێراق و ناوچەکەدا. گوتیشی؛ لە کوردستان ژمارەیەکی زۆر گەنجی بە توانا و داهێنەر هەن کە لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە هەوڵ دەدرێت پەرە بە تواناکانیان بدرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستاندا بەشدار بن.
قوباد تاڵەبانی داوایشی کرد وڵاتی هیندستان لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە زیاتر هاوکاریی کوردستان بکات، چونکە ئەو وڵاتە خاوەنی ئەزموونێکی سەرکەوتووە لە بواری پەرەپێدانی تەکنەلۆژیادا.