Skip to the content

قوباد تاڵەبانی بەردی بناغەی جین بانکی لە شاری سلێمانی دانا

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە ڕێوڕەسمێکدا لە پارکی هەواری شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و دکتۆر سەلاح، نوێنەری رێکخراوی فاو لە عێراق و دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ ٧ی تەمموز، بەردی بناغەی پڕۆژەی جین بانکی دانا.

جین بانک پرۆژەیەکی گرنگیی ستراتیژی گەشتوکاڵییە و بودجەکەی لەلایەن رێکخراوی فاوەوە دابین کراوە. پرۆژەکە لەسەر رووبەری ١٠٠ دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت بە ئامانجی کۆکردنەوە و پاراستنی بنەتۆ و رەگەز و وەچەی ئەو رووەک و ئاژەڵ و زیندەوەرانەی کە مۆرکی رەسەنی کوردستانی و عێراقیان پێوەیە.

لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا ناوەندێکی زانستیش دادەمەزرێت بۆ توێژینەوە لەسەر رووەک و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان و چۆنییەتی پاراستنیان و ژمارەیەکی بەرچاویش هەلی کار بۆ پسپۆڕانی بوارەکە دەڕەخسێنێت.