قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئانل بۆرا ئينان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە(17/7/2025) لە هەولێر بە ئامادەبوونی ئەرمان تۆبجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە دواین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا. جێگری سەرۆکوەزیران پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەی بە هەنگاوێکی مێژوویی ناوبرد و هیوای خواست هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەی ئاشتی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت. لەم چوارچێوەیەشدا جەختی کردەوە لەسەر پشتیوانی حکومەتی هەرێم لە پرۆسەکە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرا و قوباد تاڵەبانی داوایکرد تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا بکاتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆکوەزیران رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدای لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی موچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا زانی و رایگەیاند هەرێمی کوردستان خوازیارە هەموو کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستور چارەسەر بکات. باڵیۆزی تورکیاش خۆشحاڵی خۆی لە رێککەوتنەکە دەربڕی و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.