Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی باڵای سەربازيی بەریتانیا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە وەفدێکی باڵای سەربازيی بەریتانیا كرد بە سەرۆکایەتيی ئیدوارد ئاڵگرن، ‌ڕاوێژكارى باڵای وەزارەتی به‌رگريى به‌ريتانىا بۆ کاروباری‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئەفه‌ریقا و پێکەوە تاووتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و دوایين گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکەیان کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەممە (30/7/2025) لە هەولێر بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا لەبارەی دۆخی ئەمنيی عێراق و ناوچەکە. هەردوولا هاوڕا بوون لە شەڕ و بارگرژییەکانی ماوەی ڕابردووی ناوچەکەدا سیاسەت و هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵيی عێراق ئەرێنی بووە و جەختیشیان کردەوە پێویستە حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت و هەموو لایەنەکانیش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیريی عێراق بەوریاییەوە مامەڵە بکەن.


سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابه‌وريی هەرێمی کوردستانیش، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا لەگەڵ ئەوەی لە ماوەکانی ڕابردوودا هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی سەقامگیريی عێراق، بەڵام دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە هێرشانە مەترسییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیريی هەرێمی کوردستان و عێراقیش و هیواشی خواست ئەنجامدەرانی هێرشەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن و ڕووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.


لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتيی بەهێزترکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا کرا. لەمبارەیەوە وەفدی سەربازيی بەریتانیا جەختیان کردەوە کە بەریتانیا وەک هاوبەش و هاوپەیمان لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و کار دەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان بە تایبەت لەڕووی ڕاوێژی سەربازی و ڕاهێنانی زیاتر بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان.