Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی چین کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ لیو جیون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پێکەوە لەبارەی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی پێنجشەمە (17/7/2025) بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی چینی کرد بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە ڕووی پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و گەشەپێدانی ئابورییەوە. هیوای خواست لە داهاتوودا کاری زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی پەرەپێدانی تواناکان سودمەند بن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا کرا. جێگری سەرۆکوەزیران ڕێککەوتنی هەرێم و بە‌غدا لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی بۆ کونسوڵی چین ڕوونکردەوە و جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێم ئامادەیە هەموو کێشەکان بەپێی دەستور لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات.