قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی فەڕەنسا له عێراق کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاووتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی دووشەمە 30/6/2025 بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم و دابان شەدەڵە، جێگری بهرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو، باس لە دوایين بەرەوپێشچوونەکانی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا.
قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێم ڕوونی کردەوە کە گفتوگۆکانی نێوان وەفدە دانووستانکارەکانی هەردوولا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچووە و گەشبینین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەینە ڕێککەوتن و کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت. جەختیشی کردەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی فەڕەنسای کرد بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش لە بواری گەشەپێدانی ناوچەیی. لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بەوەکرد ڕێژەیەکی زۆری کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لە شار و شارۆچکە کەمتر گەشەسەندووەکانە، هەربۆیە گەشەپێدانی ئەو ناوچانە کاریگەريی گەورەی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی کۆچی نایاسایی و ئەمەش لە بەرژەوەنديی هەموو لایەکدایە.