بەردی بناغەی پردی تەنگی سەید محەمەد لە پارێزگەی هەڵەبجە داندرا

ڕۆژی شەممە ١٥ی ئاداری ٢٠٢٥،لەمیانەی سەردانێکیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، بە یاوەری دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەردی بناغەی پردی تەنگی سەید محەمەدی دانا.
پردی تەنگی سەید محەمەد پرۆژەیەکی ستراتیژییە لە ناوچەکەدا و پارێزگەی هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە. درێژیی پردەکە ٦٠٠ مەتر دەبێت و بە گوژمەی نزیکەی ٢٧ ملیار دینار لە ماوەی ٩٠٠ ڕۆژدا جێبەجێ دەکرێت.
هەر لە سەردانەکەیدا، قوباد تاڵەبانی پرۆژەی سایلۆی هەڵەبجەی بەسەر کردەوە و بە دواداچوونی بۆ چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی کارەکانی پرۆژەکە کرد.
سایلۆی هەڵەبجەش لە پرۆژە ستراتیژییەکانی پارێزگاکەیە و لە ساڵی ٢٠٢٤دا بەردی بناغەکەی داندراوە و لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو دەکرێت.