Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی فەڕەنسا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باس لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا کرا.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی دووشەمە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم بەڕێوەچوو، تاووتوێی دوایین پەرەسەندنەکانی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ڕۆژی ڕابردووی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی کرد کە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە و لێکتێگەیشتنی باش لەسەر پرسە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە پێکهێنانی حکومەت دروست بووە. ڕوونیشی کردەوە کۆبوونەوەکە کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر کۆبوونەوەی داهاتووی وەفدی باڵای دانووستانکاری یەکێتی و پارتی.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا؛ هەرێمی کوردستان پێویستیی بە حکومەتێکی کارا و بەهێز و خزمەتگوزار هەیە. گوتیشی هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کە لە ڕێککەوتنی ئەمجارەی پێکهێنانی حکومەتدا، میکانیزمی گونجاو دیاری بکرێت بۆ ئەوەی لایەنەکان پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سووریا کرا و ڕێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع بە هەنگاوێکی گرنگ و پێویست دانرا. جێگری سەرۆکوەزیران هیوای خواست هەموو لایەن و پێکهاتەکانی سووریا بتوانن لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە کێشەکان چارەسەر بکەن و سووریای نوێ بە جۆرێک بونیاد بنرێتەوە کە ماف و داواکارییەکانی هەموو پێکهاتەکان دابین بکرێت.