قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵوو کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵوو، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا و سەرۆکی پارتی ئایيندە کۆبووەوە و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و چونییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان تاووتوێ کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی دووشەممە 19/5/2025 بەڕێوەچوو، داودئۆغڵوو باسی لە هاوڕێیەتيی ٢٠ ساڵەی خۆی لەگەڵ سەرۆک مام جەلال کرد و پەرۆشی و هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک مام جەلالی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و بە تایبەتێش پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بیرهێنایەوە.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا ئاڵۆگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا كرا. هەردوولا هاوڕا بوون لە ئاشتیدا هیچ لایەنێک دۆڕاو نییە و جەختیشیان کردەوە لە گرنگیی پابەنديی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هەنگاونانی پێویست بۆ سەرخستنی پرۆسەکە. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی نەک تەنها بۆ هەر دوو گەلی کورد و تورک لە تورکیا، بەڵکوو لە بەرژەوەنديی هەموو ناوچەکەدایە، هەربۆیە پێویستە هەموو لایەنێک یارمەتیدەر و هاوکاربن لە سەرخستنی پرۆسەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێویستیی کاری هاوبەش کرا بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی تورکیا. جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد هەرێمی کوردستان خوازیارە لە هەموو ڕوویەکەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا بەهێزتر بکات و گوتیشی لە بەرژەوەنديی هەردوولادایە کە هەرچی زووتر ئاسمانی تورکیا بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا بکرێتەوە.