Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی فاو کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە چو دونیو، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی فاو (FAO) و لە کۆبوونەوەی نێوانیادا لەبارەی چۆنییەتيی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری لەنێوان حکومەتی هەرێم و ڕێکخراوی FAO گفتوگۆ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی دووشەمە (26/5/2025) بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە دکتۆر دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوکارییە تەکنیکی و ڕاوێژکارییەکانی ڕێکخراوەکە و کردنەوەی (Gene Bank) کە تایبەتە بە گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی کرد و هیوای خواست لەم قۆناغەدا کە ئەولەوییەتی حکومەتی هەرێم گەشەپێدان و پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵە، هاوکاری و پەیوەندیی نێوان ڕێکخراوی FAO و هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەو پێش بچێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە گەشەپێدانی ناوچەیی و بووژانەوەی ئابووريی شارۆچکەکان و گوندەکان کرا و لەم ڕووەوە ڕاهێنانی پیشەیيی جوتیاران و دابینکردنی نوێترین تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی جوتیاران بە هەنگاوی پێویست و بنەڕەتی بۆ گەشەپێدانی ناوچەیی دانرا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆژەی گەشتوکاڵ کرا، کە لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیرانەوە ڕاگەیەندراوە و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پێشخستنی گەشتوکاڵ لەپێناو ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر و پێشخستنی هەردوو کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵ و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و گەشەپێدانی ناوچەیی.

سەبارەت بە پەرەپێدانی بەرهەمە ناوخۆییەکان و دۆزینەوەی بازاڕ لە دەرەوەی هەرێم، جێگری سەرۆکوەزیران بە گرنگی زانی سوود لە ئەزموونی ڕێکخراوی FAO وەربگیرێت و داوای کرد ڕێکخراوەکە لەمبارەیەوە زیاتر هاوکاربێت.