Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ دکتۆر عەلی قەرەداغی کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە دکتۆر عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان كرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاووتوێی دواگۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی یەکشەممە (4/5/2025) بە ئامادەبوونی هەریەکە لە مەریوان ئەحمەد ڕەشید، سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و حوسێن نه‌جمه‌دين ڕەسوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕيی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەکانی سەرۆکی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمانی کرد، لە قوڵترکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا و هیوای خواست ڕۆڵی زیاتر ببینێت لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە سووریا و ڕۆژاوای کوردستان.

لای خۆیەوە د. عەلی قەرەداغی ڕۆڵی سەرۆک مام جەلالی لە گۆڕەپانی سیاسيی عێراق و هەرێمی کوردستان و مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بە گرنگ وەسف کرد و ڕوونی کردەوە کە سەرۆک مام جەلال خزمەتی بەرچاوی بە سەرجەم ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکان کردووە بێ گوێدانە بیروباوەڕیان.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە لایەنە کوردستانییەکان یەکڕیز و یەکهەڵوێست بن بەرانبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچە و پێکەوە هەوڵ بدەن زۆرترین دەستکەوت بۆ گەلی کورد دابین بکەن.