Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە ژەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا كرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاووتوێ کران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی چوارشەمە(21/5/2025) بەڕێوەچوو، باس لە دوایين هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو وەفدی دانووستانکاری پارتی و یەکێتی دا و ڕوونی کردەوە کە کۆبوونەوەکە بە گشتی ئەرێنی بووە و هەنگاوێکی دیکە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ نزیکتر بووینەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا، هەردوولا هاوڕا بوون سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە بەرژەوەنديی هەردوو گەلی کورد و تورک و هەموو ناوچەکەدایە و بە پێویستیشیان زانی هەردوولایەنی کێشە بەپێی نەخشەڕێگه‌یەک، هەنگاوی پێویست بنێن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
سەبارەت بە دۆخی سووریاش، هەردوولا گەشیبینيی خۆیان دەربڕی کە لە سووریای نوێدا هەموو پێکهاتەکان مافەکانیان پارێزراو بێت و بە پێویستیشیان زانی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی زیاتر هاوکاربێت تا سووریای نوێ بتوانێت بەرەو سەقامگیری و جێگیرکردنی سیستمێک هەنگاو بنێت، کە لە ئاستی چاوەڕوانيی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا بێت.