لە یادی ٦٣ ساڵەی دامەزراندنیدا قوباد تاڵەبانی بروسکەیەک ئاراستەی سکرتاریەکی یەکێتيی مامۆستایان دەکات

بەڕێزان سکرتارییەتی یەکێتيی مامۆستایانی کوردستان
مامۆستایانی خەباتگێڕی ڕێگهی زانست
پیرۆزبایيی یادی ٦٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیيەکەتان دەکەم و هیواخوازم ئەم یادە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ داهێنانی زیاتر لە کایەکانی تێکۆشانی زانستی و پیشەیی و پەروەردەیی؛ بەرەو هێنانەديی ئەو ئامانجانەی کە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنی سەردەم دەیخوازێت.
پەرۆشی و هەوڵە چڕوپڕەکانتان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مامۆستایان، بزوێنەری ڕاستەقینەیە تا پێکەوە هەوڵی بێوچان بدەین بۆ مسۆگەرکردنی ئەو ماف و شایستانەی کە نەتوانراوە تا ئێستا بەدەست بهێنرێن.
پیرۆزبێت یادی دامەزراندنتان، سڵاو لە ئێوەی مامۆستا، هەڵگرانی چرای ڕووناککەرەوەی ڕێگهی نەوەیەکی هۆشیار بۆ خزمەتی نیشتمان.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران