Skip to the content

قوباد تاڵەبانی بە جیا لەگەڵ باڵیۆزانی بەریتانیا و ئیتاڵیا و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا و نيكۆلۆ فۆنتانا، باڵيۆزى ئيتاڵيا و محەمەد ئەلحەسان، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق کۆبووەوە.

لە هەر سێ کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە ١٨/١١/٢٠٢٥ لە هەولێر بەڕێوەچوون، تاووتوێی دۆخی عێراق لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا. جێگری سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ خەڵکی عێراق وەسف کرد و هیوای خواست بەپێی ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە، حکومەتێک پێکبهێنرێت لە ئاست داواکارییەکانی هاووڵاتییانی عێراقدا بێت و مافەکانی هەموو پێکهاتەکان تیایدا پارێزراوبێت.

قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردەوە پێویستە ئەولەوییەتی هەر دوو حکومەتی داهاتووی عێراق و هەرێم چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بێت بەپێی دەستوور و ڕایگەیاند؛ چارەسەرکردنی کێشەکان دەرگا دەکاتەوە بەرەو عێراقێکی سەقامگیرتر و هەنگاونان بەرەو گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان.

سەبارەت بە چۆنییەتیی بەشداریکردنی لایەنە کوردستانییەکان لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا، جێگری سەرۆکوەزیران بە پێویستی زانی لایەنە کوردستانییەکان لەڕێی گفتوگۆی بنیاتنەرانەوە لەسەر بەرنامە و پلانی هاوبەش ڕێکبکەون و بە یەکڕیزییەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بکەونە دانووستانەوە، بۆ ئەوەی باشتر بتوانن داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.