قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی هۆڵهندا کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە جانێت ئەلبێرتا، باڵیۆزی هۆڵندا لە عێراق و پێکەوە تاووتوێی پرۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکان و چۆنییەتيی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هوڵندا و هەرێمی کوردستانیان کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە (25/11/2025) بەڕێوەچوو، باس لە پرۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کرا. جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەکرد عێراق پێویستی بە پێكهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز و خزمەتگوزار هەیە کە جێی ڕەزامەنديی هەموو پێكهاتەکان بێت و هاوکات بتوانێت بە هاوکاری لەگەڵ هەرێم کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بکات.
قوباد تاڵەبانی روونیشی کردەوە کە دەبێت لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بکەنەوە و وتیشی کاتێک هەرێم بەهێز دەبێت کە پێگەی کورد لە بەغدا بەهێزبێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەرێم و وڵاتی هۆڵندا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی کرد بە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا و رایگەیاند لە کوردستان دەرفەتی زۆر باش هەیە بۆ ئەوەی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی هۆڵندی بەشدارییەکی کاریگەرتریان لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستاندا هەبێت بە تایبەتیش لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا.