Skip to the content

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا – کوردستان کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی کرد لە وەفدێکی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا – کوردستان بە سەرۆکایەتیی دەیڤد تەفوری، سەرۆکی ئەنجومەنەکە و پێکەوە تاووتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، لە هەولێر بەڕێوە چوو، گفتوگۆ کرا لەبارەی چۆنییەتیی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووریی هەرێم ڕایگەیاند؛ هەرێمی کوردستان خوازیارە کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان بەشدارییەکی گەورەتر و کاریگەرتریان هەبێت لەم پرۆسەیەدا و حکومەتی هەرێمیش ئامادەیە هەموو جۆرە هاوکارییەک و کاراسانییەکیان پێشکەش بکات.

لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە پرسی نەوت و گاز کرا. لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆکوەزیران ڕوونی کردەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پەلە بکرێت لە پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز بە جۆرێک کە یاساکە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا یەکلابکاتەوە و بەپێی دەستوور دەسەڵاتەکان و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت.

قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردەوە ئەولەوییەتی ئێمە لەوەدایە کە گاز لە خزمەتی خەڵك و بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی پیشەسازی و ئابووریی کوردستان بەکاربهێنرێت.