قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئیمارات کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئەحمەد حەسەن ئەلشەحی، کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی ڕووداوی هێرشکردنەسەر کۆرمۆر و پرسی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە(27/11/2025) بەڕێوەچوو، هەردوولا بە توندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆریان کرد. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکوەزیران هێرشەکەی بە هێرشێکی تیرۆریستی ناوبرد کە ژێرخانی وزە و ئابووریی کوردستان و عێراقی کردووەتە ئامانج و دەبێت حکومەتی فیدراڵی بەبێ هیچ جۆرە خەمساردییەک و بە زووترین کات بکەران و ئەوانەشی لە پشتی ئەو هێرشەوەن بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات و ڕووبەڕووی سزای یاساییان بکاتەوە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش دا دەبێت یەکەم هەنگاوی حکومەتی داهاتووی عێراق کۆتاییهێنان بێت بەو گرووپ و هێزە چەکدارانەی دەرەوەی دەوڵەت کە ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی و ئابوورییان خستووەتە مەترسییەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە ئیمارات گرنگی بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەدات و ڕایگەیاند؛ لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی گەورە هەیە بۆ گەشەسەندن لە کەرتە جیاوازەکاندا و حکومەتی هەرێمیش هەموو جۆرە کاراسانییەک پێشکەشی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئیمارات دەکات.